گونای من چییە کە بە خواستی خوا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  884 بینین
گونای من چییە کە بە خواستی خوا
قالۆنچە لە دەست گڵ خەفەت ئەخوا
یا فیرنەگولە لە ئاوی پاییز
خۆی دەم بەست ئەکا لەبەر دەعیە و فیز
ئەم ئاسمانە کە سواخ نادرێ
پەردەی ڕووناکی هەتاو نابڕێ
بەڕوو بە ئاگر کە هەڵدەتۆقێ
دەستەی گوێ ئاگر تێکڕا دەتۆقێ
کە ڕانەچڵەکن لە گوێ ئاگردان
بەڕوەکە، دەبێ بە ئاڵتوون بۆتان
بە گاڵتەم نییە هی وامان تیایە
تەقەی ئەو بەڕوەی لە لا بۆمبایە
هەمیسان بۆمبا ناوی کەوتە ناو
کەوتە پەلەپەل پیاوی کەم زراو
هەرچەند کە ئێمە لە پەنای کێواین
وەک کووپەی خومی جوولەکە شێواین
زۆر کەس نازانن پۆڵونیا کوێیە
کە شەوی لێهات شێتی ڕادوێیە
ترس و مەراقی ڕادیۆ بەم حاڵە
هەوڵی بۆ ئەدەین چونکو فیشاڵە
درەوی درۆ هەر نابڕێتەوە
لەگەڵ ناونانا بڕا پێتەوە
بە فیشاڵ شەڕە لە گردە گڕوێ
ئەم شارە لەقەی عەلی پێ دەوێ
سوێند ئەخۆم کە شەڕ باوی نەماوە
ورچەکەی مەندۆڵ کلکی بڕاوە
ئەی ئەو کەسانەی هەسانی «مەککە»ن
بە ئاین و ئۆیین چشت گران مەکەن
من خەمی پاڵتۆی فەردەم لێهاتووە
سەرما و سیخواری پاییز داهاتووە
ئاخ هەرچەند پاییز لەش ئەتەزێنێ
هیچ نەبێ مار و دووپشک نامێنێ
هێجگار مێشوولە لەگەڵ گیزەی دێ
لەتاو بناگۆێم سنگم خیزەی دێ
لەگەڵ ئەوەیشا ناوی نامووسە
شێوەی عەنقایە و خۆی چاپلووسە