نۆک و ئێستر و بەڕوو سێ زۆڵن
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
939 بینین
نۆک و ئێستر و بەڕوو سێ زۆڵن
پەنجە و ناشی و بار هەر سێکیان کۆڵن
زۆڵەکی بەڕوو هەرگیز نابرژێ
پریشکی ئێستر لە کەر ئەپرژێ
دوو کەڵ بە دووکەڵ وا قانگ دراون
وەک لنگە بەرداش هەڵپەسێراون
بیرازکەر لەدەست بیراز بێزارە
بەرداش لە خۆیا هێجگار بێعارە
دوو مڵۆزمی تیایە ئەم شارە
یەکێ قومارە، دووەم خەمارە
قومارەکەیان سەری بڕاوە
خماریش نوقتەی بۆ دانەنراوە
بە چاولێکەری چاومان نەماوە
مایە پووچیمان بە بەر بڕاوە
لە دەزووی گیپە لەرز و تا ئەبڕین
بە ئاوی دەستنوێژ چاوەڕێی گوڕین
کفتەی جوولەکە بۆ سێبەڕۆ دار
بۆ خۆشەویستی، کوزە کەمتیار
بە شەو شەمالەی کۆڵانان ئەگرین
لەبەر ئازایی جەردەکان ئەمرین
هێشتا خەڕەک و گوڵەژەن باوە
فابریقەیەکی کەس دانەناوە
بۆ توتنی تاڵ مایەی سەر و ماڵ
فابریقەی شەکر کەس نایکا بە ماڵ
فەرقی شیرینی و تاڵی ناکرێ
نیوەی دەرامەت بە شەکر ئەدرێ
ئەو پارەی ئەیدەین بە شەکری بیلاد
فابریقەیەکی پێ دێتە بنیاد
بە «سانگەیدم» مزگەوتێ کرا
ئێمە بۆ شەکر هێلکمان بڕا