گەردوخولی ئەم ئاسمانە شینە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  864 بینین
گەردوخولی ئەم ئاسمانە شینە
هەرچی لێ ڕوودا دووری مەبینە
چڵکە هەورێ دێ بە داو و بە تاو
لە پاش سەعاتێ ئەیکا بە لافاو
خانووی هەژاری پێ دەڕووخێنێ
تۆوی زۆرداری پێ دەڕوێنێ
گاهێ دەبینی گرمەی هەور و با
زراوی پیاوی ترسنۆک ئەبا
کەچی لە پڕێک ئەیکا بە هەساو
ئارام ناگری لە تینی هەتاو
خوا ئەمانەمان وا بۆ دەنوێنێ
کە دەوران لە سەر حاڵێ نامێنێ
ئەم ڕەنگاوڕنگەیش ئەبینێ ئینسان
ئەڵێی نە بایان دیوە و نە باران
با وجود ئینسان کە لە نیسیانە
ئەبێ هیچ خەمی نەبێ بە مانە
ئەگەر کەس نەمرێ بە مەرگ و کوشتار
دنیا پڕ ئەبێ لە نەتەوەی هار
ئەبێ بازاڕی کۆن ببڕێتەوە
تا دەستەی تازە جێیان بێتەوە
ئێستا ئەوانەی لە فەن بوون پەیدا
خەریکن کە قڕ بخەنە دنیا
هەرچی تەئسیری کوشەندەترە
لە دەوڵەتاندا بڕەندەترە
جاران ئەیانگوت ئەهلی شەرق وەحشین
لە چاو ئەواندا ئێمە بێبەشین
کەی بە بۆن ئێمە خەڵکمان ئەخنکاند
کەی بە تەیارە بۆمبامان وەشاند
لە بەحر و بەڕ و ژێرزەوی و هەوا
جێی سەرخەوێکی ڕەحەتی نەما
توخوا لێی گەڕێ با ببڕێتەوە
ڕۆژی قیامەت نزیک بێتەوە
قازانجی ئێمەی تیایە ئەو دەورە
ئیمە باوەڕمان بە حەشر و نەشرە