وازمان لە پەندی پێشینیان هێنا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1004 بینین
وازمان لە پەندی پێشینیان هێنا
ئیتر دڵمەندی نەبێ لە بەینا
ئێمە تنقیدی عادەتمان ئەکرد
هەندێ گومانیان بۆ خۆیان ئەبرد
نازانن ئەمە بە دڵسۆزییە
ئێمە غەرەزمان لەگەڵ کەس نییە
یاخوا ئەگەر من ساحێب غەرەز بم
خۆشی نەبینم، تووشی «مەرەز» بم
سەری کەر بکرێ بە ڕەشی گاوە
من دەربەستی نیم لام لێ لاداوە
دیارە کە خەڵکی مەیلیان وا دێنێ
بۆ دوایی ڕۆژیان هیچیان نەمێنێ
بە شایی و زیافەت مەملەکەت تێر کەن
بە چاولێکەری هەموو کەس فێر کەن
من خۆم وام ئەوێ دەست بە جانی من
ئیتر لەگەڵ کەس نابم بە دوژمن
چەند خۆشە جووتێ یەکدڵ و یەک گیان
مانگی هەنگوینیان بچن بۆ گەڕان
بە شەو ڕووبەڕووی مانگ لە سیحرا بن
ئاسوودەی غەم و هەرا و هوریا بن
بە نەوجەوانی عەشقێ حاسڵ کەن
سیحری چڵوچۆی خەسوو باتڵ کەن
خێر! ناوی خەسوو نابەم تۆبە بێ
نۆرەی ئەومانە لێمان تووڕە بێ
بە ڕێکوپێکی و تاقم و تەدارەک
بچنە زیارەت پیری موبارەک
وا پیراڵکیش ڕێی کرایەوە
سەیرانی ئەوێش هاتە کایەوە
بۆچ گوێ ئەدەنە پەندی پێشینان
بزەن بەر سەفی ڕەندان و پیران