ئەوی ئەیەوێ خۆی بەرز بنوێنێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1029 بینین
ئەوی ئەیەوێ خۆی بەرز بنوێنێ
ئەسپە دارینە ملی ئەشکێنێ
بەرزی ئەوەیە کە خوا بتداتێ
نەک ماین چەقەڵ بتگێڕێ ساتێ
هەندێ بە سیسرک دەنگیان خۆش ئەکەن
لە جیاتی بادام چوالە خۆش ئەکەن
جاران پیاو خراپ سەری شۆڕ ئەبوو
ئێستا سەربەرزە وەک کۆتری هاقوو
من کە ڕووبەڕوو لەگەڵ کەس نادووم
هەرچی هەڵدەستێ دەڵێ من هاقووم
کە دار هەنجیرت سووتاند، پیاوی قۆڕ
زکی دەست ئەکا بە با و قۆڕەقۆڕ
زڵفدارەکان کە بێکڵاون
غەرقی لەواتتە و عەتر و گوڵاون
ملی منداڵی خەڵکی دەشکێنن
مەدەنییەتیان بەوە دەنوێنن
جاران ئەیانگوت سەری ڕووت بە چی؟
ئێستا بۆ سەر ڕووت بەرەو پیر دەچی
سەرم سوڕماوە لە کاری خوا
خوا، ئەو خوایەیە قەل هەنجیر ئەخوا
ئێستر کە ئاخی عەقیمی کێشا
داری بۆ ئاگری ئیبراهیم کێشا
هەرچەند بارکێشی وا کڵۆڵییە
بەڵام بێ بەری مایەی زۆڵییە
ئەوی کە ئەسڵی خۆی لێ گوم بووبێ
خۆ و خوانەناسە ئەبێ بەدخوو بێ
کچ بۆ جلی بووک بە سات و سەودا
لەگەڵ دەستگیران ئەچێ بۆ بەغدا
ئەڵێن: ئەو کچەی کەوا شوو دەکا
بەترشی شایی خۆی بێزوو دەکا
کەیفی خۆیانە من شەکرم بۆ دێ
با ئەوان بچن بۆ شار و بۆ دێ