لە لای ئەوانەی کە ویژدان باوە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  658 بینین
لە لای ئەوانەی کە ویژدان باوە
لە ڕابواردندا ژن نیوەی پیاوە
کە ڕەگی دارت لە ژێردا پچڕاند
گەڵای ڕەونەقی دارت هەڵوەراند
ئەسپێکی ڕەسەن هەرچەند کە لەڕە
گەلێ لە کەری قەڵەو چاکترە
شەربەت هەر چەند خۆی شیرین دەنوێنێ
هەر ئاو تینوەتی تەواو دەشکێنێ
ئەو دەوڵەمەندەی لە خوێش نەپرسێ
ئەبێ لە سەر و ماڵی بترسێ!!
ئەو قەلەندەرەی ویژدان یاریەتی
تەڵای دەستەوشار خزمەتکاریەتی
ئاگری بەدخوڵق، خەڵق شەیدا ئەکا
خوێندن بڵێسەی پێ پەیدا ئەکا
لەم زەمانەدا کە کیزەرییە
کچ با حۆریش بێ دەردیسەرییە
بووی بە خەزووری پیاوی شەڕانی
ئەبێ کچەکەت لای خۆت بزانی
یا پیاو دەکوژێ یا خۆ ئەیکوژن
کە وابێ کچی تۆ نابێ بە ژن
چیت لە دڵایە زمانت وابێ
هەوڵی ئەوەت بێ واتەت ڕەوا بێ
ئەوی ڕوو گرژە خەسارەمەندە
ئەوەی ڕوو خۆشە ئەو دەوڵەمەندە
کە شەڕانیت دی پێی بڵێ بەگم
ورمزیارت دی تۆ بڵێ لەکم
پارە وتوویە سەخت و سەرسەختم
نەمدەن بە سەخی حەپسی بەدبەختم
سەبری عاشق و پارەی دەست بڵاو
قەرار ناگرن بیشیان خەیتە داو