ئەو جلەی دەوڵەت ئەیکاتە بەر پیاو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  957 بینین
ئەو جلەی دەوڵەت ئەیکاتە بەر پیاو
داکەنرێ ڕووتێک ئەکەوێتە ناو
خەرقەی زانستی زەحمەت ئەدڕێ
سا مەگەر گومرگ هەناسەی ببڕێ
ئەخلاق ئاوێنەی عیلم و سەروەتە
بە بێ ئاوێنە «خۆ دین» زەحمەتە
ئەو ئاوە خۆشەی کانی ئاسکان
زۆرمان دی کە دای لە دەست و کەوان
سا مەگەر کەسێ سیحر حەلال کا
سیحری ئەو ئاوە بە نوێژ بەتاڵ کا
جەندەلی دانێ لەسەر کارێزێ
بە «قُلْ أُوحِیَ» خۆی بپارێزێ
یەخەی جنۆکە بە سوژن بەستێ
ئەوسا چڵوچۆ بۆ خۆی ئەوەستێ
با وجود ئەڵێن لە ڕەمەزان دا
جنۆکە حەپسن لە پشت کێوان دا
بەڵام هەندێکیان ئەبن بە ئینسان
ئینسان بەوانە ئەکەونە نسیان
خۆزگە بە حوکمی ئیمان و قورئان
لە هەر بەرگێک دا ئەبوون ئەناسران
چاکە و خراپە هەمووی بە خوایە
بازاڕی بەدگۆ زۆر زوو کۆتایە
هەر خوڵقی چاکە کە هیوای پێ بێ
پاش مەرگیش ئەڵێن: ڕەحمەتی لێ بێ
سەرما تەزاندتی، لەشت دەیێشێ
گەرما ئارەقی تەزوو دەکێشێ
تا گەرما نەبێ سەهۆڵ بێفەڕە
زستان ئەچنە بەر ئاگر بە دەورە
هەور خرتومی ئەخاتە دەریا
بە باران زەوی پێ دەکا ئیحیا
زەویش سنگی خۆی ئەکا بە کێڵگە
دەغڵت ئەداتێ، تۆ تۆوی تێکە