کە لە بەهەشتا ئادەم بۆی دەرچوو
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
978 بینین
کە لە بەهەشتا ئادەم بۆی دەرچوو
بە سەیران نەبوو، بە دەرکردن بوو
ئەم خاکدانە ناوی مەنفایە
نابێ پێی بڵێن جێگای سەفایە
بۆیە پێغەمبەر شاهی ئەنبیا
فەرموویە ڕاحەت نابێ لە دنیا
ئێمە تێ ناگەین لەم کاروبارە
دەست بەرد ئەهاوێ، بەرد گوناهکارە
هەندێ سروشتی بنچینەی بەدە
ئەوە چاک نابێ دەستی لێ مەدە
هەندێ بە بەدی باوکی ئەخوڕێ
پێکۆڕەی مشکە و جەواڵ ئەدڕێ
خوا بۆ زیانێ کوللە ئەنێرێ
بە عەینەمەلیش پاسی ئەسپێرێ
هەر زەد و خوردە کاری دنیایی
بۆیە لای عاقڵ خۆشە تەنهایی
زۆرکەس بە قسە، چاکەی لا چاکە
کەچی کە بەدی پێش هات بێباکە
ئێستری چەمووش چاکەی پێ ناوێ
لەسەر ئالیکیش جووتە دەهاوێ
بە ئێستریان گوت باوکی تۆ کێیە؟
وتی دایکی من شەجەرەی پێیە
ئێستا دەبینی هارێک و هاجێ
یەک کەوتوون موویان بە بەینا ناچێ
لە دڵدا خوێنی یەکتر ئەمژن
کە فرسەتیان دی یەکتر ئەکوژن
دوو پیاوچاک چاویان بە یەک ناکەوێ
بە بیستنی دوور یەکیان خۆش ئەوێ
ئەو کەسەی لەگەڵ خەڵک دڵی پاکە
خۆش ڕادەبوێرێ، لە ترس بێباکە
کەچی بەدکارێ یا پایەبەرزێ
دڵی وەک گونی هەلاج ئەلەرزێ