عەقڵ بە گەورە و بچووکی نییە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1471 بینین
عەقڵ بە گەورە و بچووکی نییە
کاری دیوانی بەربووکی نییە
لەسەر ماڵی خۆت حەز کەی ئەبەخشی
کە ماڵی دیوان بەخشی، ئەلەخشی
بە دەستی قوچاو کارت پێک نایە
وەختی وا هەیە «بزما» بە گایە
کەروێشک کە ئەنوێ زەق زەق ئەبینێ
کە «دیاردیت» لێکرد چاو ئەقووچێنێ
لای وایە کە خۆی چاوی قووچابێ
ئیتر ڕاوکەریش چاوی لەو نابێ
کاتێ بە «حەل حەل» تانجی کەوتە سەر
کەروێشکە خەوی بۆ ئەبێ بە شەڕ
ئای ئادەمیزاد بۆ پاروویێ گۆشت
لەم گیاندارانە بۆچ ئەکەنی پۆست؟!
ئەو کەسەی چاوی لە بەرتیل تێرە
گوێرەکەیەکە بە پەمۆ فێرە
لە مووسڵ ژنێ هەللاجی ئەکرد
چینچکان چەکەی بۆ کەوان ئەبرد
تێ فکریم هەللاج هیچ گونی نەبوو
زەربولمەسەلمان بە درۆ دەرچوو
هەر لەو شارەدا پیاو تەشی دەڕست
وەمزانی عەیبە لێوی خۆم لێ گەست
کەچی تەشی ڕێس لێرە هێند زۆرە
لە «ڕکە» کوژیش ناگاتە نۆرە
کەوتووینە دەورێ عەیب نوقتەی هەیە
چاو وردەوەکە بزانە کەیە
«ح»ی تەحەسسەسمان نوقتەی لە ژێرە
ئەوی پێی فێرە هەمیشە تێرە
ئەمانە عەقڵی پێشینیانە
نان ئەو نانەیە ئیمڕۆ لە خوانە
مادام کە پارە ئەڵێن عەیب پۆشە
هەرچی بۆ بکرێ دیارە کە خۆشە