بە شیری گامێش گەر جوانوو گۆش کەی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1042 بینین
بە شیری گامێش گەر جوانوو گۆش کەی
ئەبێ لە ئاوا جێ بۆ خۆت خۆش کەی
ئەو کەسەی بێچووی گورگی بەخێو کرد
بە کردەی ئەو خۆی تووشی جنێو کرد
ئەوەی مۆریانی لەشی نەکۆژێ
گۆڕ وایە ئەسپێ خوێنی بمژێ
ئەوەی هەمیشە لە خەڵکی ئەدوێ
ڕۆژێکیش ئەبێ مەکینەی ئەسوێ
مەکینەی سواو خەڵکی کەوتە شوێن
ئەو سایە ناوی «مەنی» لێ ئەنێن
بە مەڕ مەڕۆکێ ئەوی تێکەوێ
ئەبێ چەپۆکی دۆستی بەرکەوێ
ئەیبەستنەوە بە دەست و پێ و چاو
ئەڵێن نایکڕین بە نانەسووتاو
بۆرە پیاو گاڵتەی کرد بە کۆنە بەگ
گورگ پیر بوو ئەبێ بە مەسخەرەی سەگ
هەرچەند بێ ئەمری خودا هیچ نابێ
بەڵام کار ئەبێ سەبەبی تیابێ
کە تۆ دانیشتی و خوا ئیشت بۆ بکا
ئەتەوێ خوا بکەی بە کوێخای دەرگا
نەوەڵڵا تۆ خۆت بکە بە مەنسووب
سەلکە پەنیرت بخەرە ناو گووپ
قەید ناکا ئەگەر ئەو ئاغا گۆڕا
«فراک»ی تازەی ئەم بکە بە بەرا
زمانی لووس و ڕیای بە ڕێ و جێ
پیاوی دنیایش و خوایش دێنێتە ڕێ
هێشتا نەیاندی کەس بە ئیقتیدار
بەبێ واسیتەی ئەرخە بێتە کار
ئەوی بە عیلم و نامووس ئەنازێ
هۆی کەوتە نامەرد بۆ نان و پیازێ
تا دەورێ نەیێت کە پیاو بۆ ئیش بێ
ئەبێ هەر باوی پیاوی بێ ڕیش بێ