پێم گوت: بە گەرما، مەچۆرە بەغدا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1019 بینین
پێم گوت: بە گەرما، مەچۆرە بەغدا
وتی: فێنکی دڵ بۆ ئەوێم ئەبا
مەسینەی مەسنەد ئاوڕشێن ئەکا
هەوای بانقەنۆت باوەشێن ئەکا
ڕابتەی ڕەسمی ناو «عملە»ی دڵگیر
خێری زۆرترە لە ڕابتەی پیر
ئەویان خەیاڵە و ئەویان ماددەیە
پیریش بۆ پارەی مفت ئامادەیە
سای ئاشە بەرزە و ئاوی چوون تەرزە
بنچینەی تەقوای هێنایە لەرزە
بە شوێن تەقوادا کەوتمە تەق و دەو
ئەترسم دوایی لێم ببێ بە خەو
زۆر کەس لەخەودا پارە ئەبینێ
ئەیخاتە دەستی و توند ئەیقووچێنێ
کە هەڵسا لە خەو دەستی کردەوە
هیچی تیا نەبوو، تاسی بردەوە
قەید ناکا ڕۆژی شایی شاییە
تازە پیاکەوتوو لە خۆی باییە
بۆ دونیا خەفەت مەهێنەرە بەر
هەر چۆنێ بیگری وا دەچێتە سەر
ئەوانەی کەوا ڕازین بە لاتی
حەڵاڵ خۆرییە و کەم دەسەڵاتی
کێ خەڵاتی خوێش ڕەت ئەکاتەوە
شێخیش شەڕابی مفت ئەخواتەوە
دونیا بۆ هەندێ مەسنەد ئەنوێنێ
کە دەستی ڕاهێشت جرتێ ئەکەنێ
هیچ کەس شک نابەم کە دنیای نەوێ
لەوە دەترسێ دەستی نەکەوێ
زۆری وا هەیە گێرەشێوێنە
لە ناو نۆ مەنجەڵ شیردا هەوێنە
هی وایشمان هەنە کە ئەیخافڵێنن
پارووی لە دەمدا لێ ئەفڕێنن