چشتی کاڵ مەخۆ زگت نەیەشێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1047 بینین
چشتی کاڵ مەخۆ زگت نەیەشێ
تەماعت کەم بێ و مێشکت نەپیشێ
ئەگەر پەڕۆیەک لە خۆت دادڕی
ئەتوانی سەری تەماع ببڕی
کە ئێشی دەرزی خۆت لا ناخۆش بێ
زامی سووژنی خەڵکت لە هۆش بێ
ئەو دڵەی حەسەد هەڵیەقرچێنێ
تامی فەرەحی تێدا نامێنێ
دەستبەسەر پاچی مەرەزە کرا
دوا بە دوا لیستەی فەسڵیش دەرکرا
بژار و قونار کە ساڵە و ساڵە
قوناری باخی میر بۆ پێنج ساڵە
مێوێ بەر بگرێ تووڵ کێشی دەکەن
ئەوی کە زڕ بێ ڕەگ کێشی دەکەن
هەندێ باخەوان زەینی بۆ ناچێ
هەرچی هاتە پێش هەر دایدەپاچێ
«پوی کوتاژ» قەومی پێ سەربەست ئەبێ
بە «موراتوریوم» دوژمن پەست ئەبێ
بە هەبا هەبا ئەچووینە کایە
ئێستاکە بەڵم، بەستمی تیایە
گزیەکی تیابوو، بەش بەشی پشکی
ئێستا سەد خۆزگە بە تەڕ و وشکی
لەم گێرەوکێشەی بردن و هێنانە
هەموو [یان] سیتەی مەنسووب دانانە
کە چوویتە سەرکار دەورەی پیاو ئەگرن
ڕۆژی سەد کەڕەت لەبەرت ئەمرن
کە پیاو بۆ ئیش بێ و ئیش بۆ پیاو نەبێ
هیچ کارێ نابێ کە تەواو نەبێ
وەک لە قورئانا فەرموویە خودا
دەست و پێ لێتان شایەتی ئەدا
دەست و پێوەندی ئێستاکەیش وانە
لێکەوتی، ئەوان کەوتنە بەهانە