دوو جامباز تێکڕا چوونە سەر تەناف
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
889 بینین
دوو جامباز تێکڕا چوونە سەر تەناف
لەگەڵ یەکتردا کەوتنە مەساف
بزانین کامیان بەر دەبێتەوە؟
تەنافی بەختی ئەلەرێتەوە
ئەوی کە پیشەی تەناف بازییە
ئەوەڵ هەنگاوی دەوڵەت خوازییە
خۆ ئەو بابییەی کە بەرز ئەفڕێ
هەر مل شکانی خۆی پێ ئەبڕێ
دنیا هەنگوینە و ئێمە وەک مێشین
لێی نابینەوە هێندە بە کێشین
ئەبینی یەکێ پێی تێگیراوە
هێزی تەکان و جووڵەی نەماوە
ئێمە خەریکین لەویش تێپەڕین
خۆمان بە دیاری بۆ مردن بەرین
من خۆم لێم بیستوون ئەهلی مەدینە
«ناموسیە» یان لا پۆپەشمینە
لەوێ مێشوولە ناوی «ناموس»ە
لە زۆر جێش نامۆس زمانی لووسە
سا بۆیە! لێرە وەک یەک مەبزوولە
سوێندی نامووس و گیزەی مێشوولە
لای جاف ڕەش ڕەشە و ئەمیش لەو هۆزە
قەزای دیزەیە وا کەوت لە گۆزە
«وَلَا تَزِرُ» حوکمی نەماوە
بە ئاغا، نانی نۆکەر بڕاوە
هەر کەسێ پیاوی خۆی دامەزرێنێ
ئاشە تەندوورە شەق ئەیرووخێنێ
بە بابی بابی کە کەر سوار ئەبێ
پیاوی بێ ئابڕوو بۆیە هار ئەبێ
من پاڵتۆکەی خۆم هەڵگێڕایەوە
ڕێ نەکەوت پێوە بێمە کایەوە
ئەبینم پاڵتۆی خەڵکی ڕەنگ ڕەنگە
وەک کوڕە کەچەڵ وشک و برنگە