ئەم فەسڵە کەوا دەڵێن بەهارە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
963 بینین
ئەم فەسڵە کەوا دەڵێن بەهارە
هەور و هەتاوی بێئیعتیبارە
خوا ئەم چوار فەسڵەی بۆیە وا دانا
کە ئیعتیباری پێ نەکا دانا
هیچ کەسێ لەسەر حاڵێ نامێنێ
کوا ئەو مەلیکەی زیندوو بۆ دوێنێ
ئینسان لە نسیان درووست کراوە
مردووەکەی دوێنێی لەبیر نەماوە
مردووی عارەقیان بردە سەر قەبران
پێکێکی تریان زیاد کرد ئێواران
عارەقخۆر بڵێین وا خۆی پێی دەمرێ
ماڵ وێران کەران چاریان ناکرێ
هێشتا مەرامی خوا حەل نەکراوە
ئەم خەڵکەی بۆچ وا لە یەک بەرداوە
ئەگەر مەرامی وا بێ بزانین
کە کەس ناگاتە مەرام و فانین
جا بۆچی ئێمە بەگژ یەکدا چین؟
ئەمەیش ئەزانین شێلگیرتر دەبین
تا فەن بگاتە ئەندازەی تەواو
غازی مخنق و بۆمبا دێتە ناو
کە وا بێ تا من لە هیچ نازانم
ئەبێ بە مایەی ڕەحەتی گیانم
ئۆخەی لە قەیدی عەقڵا وا کاسم
شا: بە سەپانی خەلەم ناناسم!!
زەوقی بێقەیدی لە سینەمایە
مەنزەرەی دنیا لام سینەمایە
بایەزید لەبەر ئێشی بزووتێ
وتی: تەڕ و وشک تێکڕا بسووتێ
بە دینی ئیسلام بەد نایەتە ڕێ
پەندی سەفسەتەی ژین چی لە دەست دێ
بەڵام هەر وابین شاری کوێرانە
کەس کەس نابینێ شەڕە گۆچانە