عەکسی یەکترین «سەفەر» و «نیسان»

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1103 بینین
عەکسی یەکترین «سەفەر» و «نیسان»
لە پاش سی و شەش ساڵ وابوون بە هاوشان
بەهار و «ڕەبیع» ئەوانیش هەروا
وەک ئێمە و ئەوان پێکەوە دەڕوا
نیسان سەرەتای درۆ و ئاخری ڕاست
زۆر چشت یەک ئەخا وەک کنگر و ماست
لە بەحرا دانەی لوئلوئی مەنسوور
لە کێوا قەترەی گەوهەری شاپوور
لە شارا کەوتە سەر چەهرەی عەبووس
ئەبێ بە «مەبعووس» بە پێی چارەنووس
زاتەن مەبعووسی بە چارەنووسە
پێی ناوێ بڵێین زمانی لووسە
زمانی لووسی و زەمانی لووسی
گەلێ حەیاتی تەئریخی نووسی
ئێستا زەمانی بێ زمانییە
دووزمانی ڕووی لە زیانییە!
ئەو کەسەی کە بێ هەڵمەتە کاسە!
هەلی دایە دەست هەڵمەتە کاسە
ئێستا هەموو کەس مام بریندارە
هەر چیەکت ئەوێ لە لای عەتتارە
سێزدەی زیادەیان بە پرسەوە نارد
بە تاڵییەوە چوون شیرینیان خوارد
تەلیسمی جامی چل کلیلەیە
زمانی دانا بە کلیلەیە
هەندێ کە بەردیان نایە سەر مەڵۆ
لە بێ باڵەکان ئەبن بە هەڵۆ
هەندێ وەک ڕێوی کونێکی دەس کەوت
هەژگ ئەبەستێ ئەیکا بە ئەشکەوت
نانی معاویە و نوێژی پشت عەلی
کە شەڕیش قەوما بچۆرە سەر کەلی
هەندێ دەعباکەی کەمتیاری پێیە
لە هەموو دیزەی چێشتا ئەسکوێیە