هەندێ کەس خۆیان کردووە بە ژاپۆن
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1217 بینین
هەندێ کەس خۆیان کردووە بە ژاپۆن
دەست ئەوەشێنن پێت ئەڵێن پاردۆن
تۆیش کە لەوانە فرسەتت زانی
پیاکێشە و بڵێ منیش نەمزانی
کیسەڵ دووپشکی ئەپەڕاندەوە
چزووی لە پشتی هەڵچەقاندەوە
پرسی: چی دەکەی؟ هەی بەد کردەوە
وتی: چزووی خۆم تاقی کردەوە
درۆیشی ئەکرد خووی ئەسڵی وابوو
ئەگینە قینی چی لە دڵا بوو؟
بە دووپشکیان گوت: زستان ناتبینین
وتی: زۆر قەدرم دەگرن بە هاوین
بۆچی بە دووپشک بڵێن بێعارە؟
هی وامان هەیە زستانیش دیارە
هەڵەبجە ڕاوی بەرازی باوە
«یەکانە»ی ئەم لا هێشتا هەر ماوە
مشک و بەراز و کوللەمان زۆرە
هێند بێئینسافین نایکەین بە نۆرە
زەردەواڵەیەک ئەگەر بکوژی
خورمای شیرینی بەهەشت ئەمژی
زەردەواڵەمان ئاورووژاندبوو
خوا پاراستینی شاریان لێ تێک چوو
فیشەکی «هەوا» زوو ئەکوژێتەوە
فیشکە شێتە لێت نابێتەوە
جاران بۆمبایان ئەبرد بۆ ماسی
خوای ماسی، بۆمبا کەوتە کەساسی
قەشە و مالووم و گەچ و کەچ ناسی
کەوتوونە کوورەی مەلای هەیاسی!
زەمانێکیش بوو کە ئەتگوت بۆمبا
بەند نەدەبووی تا بەندەرگەی بەمبا
ئێستا ئەو هەورە نەما، هەساوە
لەعنەت لەو کەسەی لە خەڵکی داوە