هێندێ تەبیعەت کە هەواییە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  1146 بینین
هێندێ تەبیعەت کە هەواییە
هەتا بێ خێوی ڕووی لە دواییە
ئەگەر تۆ هەوای هەوا نەشکێنی
ئەبێ هەر ساتێ ڕەنگێ بنوێنی
با وجود بەرگی ڕەنگاوڕەنگ جوانە
یەک ڕەنگی ناشێ بۆ ئەم زەمانە
ئەڵێن سروشتمان لە چوار گەوهەرە
دوانیان باوکمانە، دوانیان مادەرە
با و ئاگر بەرزن تەبعیان بڵندە
خاک خۆی خاکییە و ئاو پاک و مەندە
بەرزی و مل شکان، ئاگر و سووتان
خاک فەرشی ڕێیە و ئاو مایەی ژیان
کەواتە هەوای بەرزی مەنوێنە
ملی خۆت بە پای خۆت مەشکێنە
بەڵام سروشتێ کە بای درابێ
بە دەست خۆی نییە ئارامی نابێ
بە خواهیش نییە ئەم چەند و چوونە
بە لێخوڕینی خودای بێچوونە
ئەگینە کەسێ کەوا عاقڵ بێ
نابێ لە سزای بەدی غافڵ بێ
ئەو کەسەی دڵی خەڵک ئەڕەنجێنێ
بە تۆڵەی دوایی خۆی دەترسێنێ
چونکی دەزانێ موتڵەقا ڕۆژێ
دل ئازار دراو هەر پێی دەڕێژێ
ئەو ترسە ئەبێ بە گرێی دڵی
عەیشی تاڵ ئەبێ بە بێ حاسڵی
نایشچینە مزگەوت ئێستا وەک جاران
گەردن ئازادی بکەین بە جەژنان
بەوە لەگوناهی یەکتر ببوورین
ناشکوری نەبێ لە مزگەوت دوورین
ئەڵێن گوناهت ببێ پڕ ژوورێ
بە دوو ڕکات نوێژ خوا لێت ئەبوورێ
بەڵێ حەقوڵڵا خوا خۆی ئەیبەخشێ
بەڵام حەقونناس مووی لێ نالەخشێ
هەموو بە زمان پەیڕەوی چاکەین
کەچی بە کردە پف لە دۆ ناکەین
خوا جەهەننەمی بۆیە داناوە
زۆرمان بخاتە ناو ئەو هاڵاوە
دیارە کە ئەزەل هەڵیبژاردین
خوێنی شەیتانی بە قین بۆ ناردین
کە ئیرادەی خوا و فریبی شەیتان
یەک کەوێ، چاری چی ما بۆ ئینسان