من خۆم زستانم بۆیە خۆش ئەوێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  916 بینین
من خۆم زستانم بۆیە خۆش ئەوێ
مار و دووپشکی تیا دەرناکەوێ
عاقڵ لە کاری خودا تێماوە
مار و دووپشکی بۆچی داناوە
ئەوەی سەیرە مار دووپشک ئەبینێ
ورە بەرئەدا دۆش دادەمێنێ
پێچی نامێنێ لێی درێژ ئەبێ
لە ترسی دووپشک حۆل و گێژ ئەبێ
دووپشکیش ئەڕوا تا تەوقی سەری
پێوەی دا ئیتر ڕۆحی دەرپەڕی
ئەم عەداوەتەی زیندەوەرانە
هەمووی بە حوکمی سڕی یەزدانە
سەگ بۆ پشیلە، پشیلە بۆ مشک
ئاو بۆ ئاگر و ئاگر پووشی وشک
تانجی بۆ کەروێشک، کەروێشک بۆ بێستان
بۆیە ناکۆکن لەگەڵ یەک ئینسان
جووجەڵەیش لەگەڵ کەچەڵە ئەبن
بێ مێرات بەگژ یەکدا هەڵئەچن
ئەم تێک هەڵچوونە و شەڕ و هەڵدایە
بۆ بێ عیلاقە وەک سینەمایە!
چەند خۆشە هەروا لە دوور بڕوانی
نەچیتە ناویان هەتا ئەتوانی
پاڵتۆی قەناعەت بکەی بە بەرتا
لێفەی تەمەڵی بدەی بە سەرتا
ئەمما بەشەرتێ خەیاڵ پەروەر بی
لە ئەوجی خولیا مورغی تیژپەڕ بی
قەسر و قسور و ئۆتۆمبیلت
تەیارە و ئەسپ و تەختی سەر فیلت
هەلا و هەلاوی تەلەفۆنت بێ
لە ژن و شەڕاب تازە و کۆنت بێ
ئومی کلسومت بە ڕادیۆ لابێ
هیچ پێویستێکی ترت نەمابێ
بەڵام ئەو خەمەت دائیم لە یاد بێ
ئاخۆ لە پاش خۆت کێ بە جێت شاد بێ
بەم ئاخەوە بی، هەناسەت سوار بێ
ڕۆژی زیندەگیت بە شەوی تار بێ
تا دوکتۆر دێنن ڕۆحت دەرچووبێ
هەرچی کرابێ فایدەی نەبووبێ
تابووت بۆت ببێ بە ئۆتۆمبیل
کە چوویتە ژێر خاک داماو و زەلیل
لووتت لە بەردی ئەلحەد بکەوێ
تێدەگەی جێگای ئەسڵیتە ئەوێ