هەور و ڕەشەبا بەفر و هەڵەکۆک

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 2 خولەک  916 بینین
هەور و ڕەشەبا بەفر و هەڵەکۆک
مشک و پشیلە لەگەڵ یەک ناکۆک
واشە و چۆلەکە کەروێشک و تانجی
پشیلەی مەتبەخ و هەمینە باجی
سەگ و گورگ و مەڕ ئاشچی و داری تەڕ
سۆفی و سەگی گەڕ چەتە و ئەسپی لەڕ
بە ڕۆژی شەموان جوولەکە و ئاگر
ئاغا و هەرەوەز پۆلیس و نازر
ئەمانە هەموو حوکمی سروشتە
تیغی بەدکاری هەر بە بڕشتە
هیچ کەس لە پیاوی هێمن ناترسێ
کە بەد دەرکەوێ خەڵک ئەحەپەسێ
خەتای کەس نییە فەلەک بەدکارە
هەمیشە لەگەڵ نائەهلا یارە
ئەیەوێ عالەم لە یەکتر بەردا
پاڵ بداتەوە و سەیر کا بە سەردا
ئەو کەسە شێتە کە لە دونیادا
بە هیوای چاکە خۆی بە فەنا دا
نازانێ دنیا لاشەی تۆپیوە
سەگ دەوریان داوە گۆشتیان نەدیوە
یا ئەبێ وەک خەڵک بێیتە شەڕەسەگ
یا ئەبێ هەڵکەی بە نانی کەپەک
هەرچیم دی ئەڵێ ئەی بەختی دوژمن
نایێڵێ دونیا ڕوو بکاتە من
ئەوی هەیشیەتی هەر بە پەرۆشە
سەیری کەن سەیری دونیا چەند خۆشە
هەتا باریان کەی هەر دەڵێن: کەمە
خۆزگە ئەمزانی کەی دەڵێ هەمە؟!
یەک بە یەک هەموو ئەمە ئەزانین
هێشتا ئەسیری جەهل و نادانین
بەڵام لە لامان بوو بە ئەفسانە
عەشق و سووتانی شەمع و پەروانە
پەندی پیرانم هێشتا لە بیرە
ڕۆژێ نووسیبووی ئەو پیاوە پیرە
دەوڵەمەند پارەی بە کەس نەداوە
ئەو هەموو خەڵکەی ئەڕوا بە دواوە
هەر ئەو نەریتە و هەر ئەو پیشەیە
ئەم پەندە بۆ من هەر سەرئێشەیە