شەوی درێژی ئەوەڵی زستان
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1138 بینین
شەوی درێژی ئەوەڵی زستان
لەگەڵ ڕۆژگاری ئاخری نیسان
بەراوردی کە وەک پەندی پیران
یەعنی لە بارێ نامێنێ دەوران
کەوابێ نابێ هیچ کەس مەغروور بێ
بە نەبوون، زەبوون، بە بوون مەسروور بێ
ئەبێ دەسەڵات بە هەل بزانی
هەڵسووڕێ بۆ خەڵک هەتا ئەتوانی
کە هەڵبژێررا لە قەوم و خوێشا
فۆرمەی نائیبی بە بەردا کێشا
پەلە، پەل پەل بێ لە هەموو لایە
چونکە ئەم حەلە حەللی لە دوایە
باوجود ئەمە نابێ بە بەڵێن
مەبعووسی ئێمە نەبووە هیچ بڵێن
کابرای زەکی! تۆیش نەخەڵەتابی
بڵێی حیسابی دەورەی نیابی
ئاگات لێبوو چەند ئەزیەتت کێشا
بۆ تووتن و سووتن چەند سەرت ئێشا
کەوا کەوتوویتە ناو گەڕەکەوە
چاو بەستەرەوە بە دەسرۆکەوە
بۆ خۆت کتێبی تاریخ بنووسە
سەرپێچی مەکە لەم چارەنووسە
هەر چەندە نەوای ڕاست عیراقییە
لە قوببەی دەهرا سەدات باقییە
مەقامی منیش میلی مینایە
مینای دڵ، بەردی ڕەجمی زۆر تیایە
من هیوام بە کەس نییە بێباکم
بە تەعنەی بەدکار ئەزانم چاکم
جارانی پێشوو کە مەتەڵ باو بوو
هەر نیوە شیعرێ مەتەڵی ناو بوو
ئەم پەندە ناوی بە مەتەڵ ئەبرێ
بەڵام بۆ هیچ کەس ناوی حەل ناکرێ