بە تورکی پاییز کە «سوک بەهار»ە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1073 بینین
بە تورکی پاییز کە «سوک بەهار»ە
ئەمساڵ نموونەی دەرکەوت لەم شارە
چوالە گۆپکەی کرد ئەرخەوان پشکووت
قارچک هەڵتۆقی بە لووت و بزووت
بەڵام ئەو کارگەی زوو سەری دەر کرد
لێرە و لە کەرکوک زۆر کەسی پێ مرد
ئەترسم تارای ئەرخەوان وابێ
خومی جوولەکەی دەوران شێوابێ
خێر! دەرووی خێرە، خوا کردوویەوە
دایکی گرانیی «ئال» بردیەوە
یاخوا ئەمەمان لێبگەڕێ بەڕاست
بز شیر دا و ئێمەیش تێر بخۆین لە ماست
کە ماست پەیدا بوو نۆرەی پەنیرە
بەدکار هەوێنی نۆ قازان شیرە
ئافەرین لەوەی کە شیری پاکە
شێری مەیدانە لە شێر بێباکە
ئەو دڵەی کە وەک مەنجەڵ ژەنگ دێنێ
شیری تێ مەکە ئەیبزڕکێنێ
من توێکڵە شووتیم کرد بە مرەبا
خەڵک ئەیخاتە ژێر پێی خەڵک ڕەت ببا
ئەوی خەریکە دۆستی خۆی بخا
کاتێکت زانی وەک دیوار، ڕووخا
هەرچی لای گەورە واتەی ڕەوایە
ئەگەر چاک نەڵێ «چاک»ی کەوایە
نەدیم نموونەی قیبلەنمایە
بەد مەبە، ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە
دڵی هیوادار خورپە خورپییە
لەگەڵ ڕابەردا چرپە چرپییە
ئەوی ڕۆژووی گرت سەرفترەی نەدا
ڕۆژووی نابەنە بارەگای خودا
جەژن دانرا بۆ ڕۆژووەوانان
ئێستا بێ ڕۆژوو ئەیبەن بۆ خۆیان