بە ڕەمەزانان ئەبێ بترسی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1116 بینین
بە ڕەمەزانان ئەبێ بترسی
لە برسی ڕۆژوو پیاوی چاوبرسی
وا برسی ڕۆژوو تا ئێوارەیە
بەڵام چاوبرسی دەردەهارەیە
هەندێ بۆ ئەمەی بڵێن بەڕۆژوون
کاتێکت زانی بەگژتا هەڵچوون
خۆ هەندێکیش هەن بە جەژنیش تووڕەن
قەی ناکا جارێ وا تازە کوورەن
زۆری پێ ناچێ کە خانیان سوا
باویان نامێنێ! ئەکەونە دوا
بۆیە گرانە ترێ و ناسکەرمێ
تینتیخاب کەوتە مانگی ڕەشەمێ
خۆ ئەگەر بێتە شێوەی هەورامان
لە دەست کاک ڕەشید یاڕەبی ئامان
نەعرەی دەگاتە شیوی ئابڵاخ
نەقشی پانتۆڵی ئەبێ بە بەیداخ
هەموو دەعوایێک لە نەبوونییە
ئەم ئەحواڵانە بێ تووتنییە
ئەڵێن تەبەقی پڕ ئاشتی ماڵە
چاوی ڕەشی زۆر هیوادار، کاڵە
مەڕوانە ئێستا هیوادار زۆرە
ئاخری وای لێدێ ئەکەونە نۆرە
ئەو شاییە خۆشەی کە کەم دەوامە
کە هەڵسای لە خەو وەک ئیحتیلامە
خۆ ئەوەی ڕێگەی چەسپین نەناسە
وەک «سوورە خەتا مەکە»ی بڵباسە
کچ پارە ناکا ئەم تەق و دەوە
بە سەر کێوەوە نیشتەوە ئەوە
ئەو قەلەندەرەی کە بێ هیوایە
سەیری جیهانی لا سینەمایە