چەند خۆشە ئینسان شێوەی شەمعی بێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1263 بینین
چەند خۆشە ئینسان شێوەی شەمعی بێ
خۆی بسووتێنێ و نەفعی جەمعی بێ
چەند خۆشە ئینسان خووی چاک بگرێ
ئەوە بگرێتە باوەش کە دەمرێ
چەند خۆشە ئینسان کە بە ڕەنجی شان
کۆی بکاتەوە بۆ ئەرکی میوان
نەک لە مەڕ چەور کا بیدا بە گورگان
خۆی مایەپووچ بێ و ڕووزەردی دیوان
هەندێ چی دەست کەوت هەر تێ دەپەستێ
لغاوی شەیتان دەمی دەبەستێ
ئەو پاشەکەوتە بۆ مێردی ژنە
بە زیندوویی خۆی ژن لێی دوژمنە
هەرچی خوارد ئەڵێ: ئاخ نەمخواردایە
ژمارەی سەدەی تەواو بوایە!
کە چوویشە گۆڕێ ئەڵێ: هەی بێداد
من کۆم کردەوە کێ پێی بوو بە شاد
ئەمە دیارە لە پێش چاومانە
کەچی پیشەمان خۆ تەفرەدانە
ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمە بۆرە
گەرمە گۆڕ نەبێ پیاو گۆڕبەگۆڕە
ئەمە توانجی بێ دەوڵەتییە
منیش کە بمبێ گوێم لەمە نییە
بێ دەوڵەتییە وا بێکارە بووین
بێ پارەیییە پارە پارە بووین
پارەمان نەبێ بەچی دەخوێنین
ئاو نەبێ درەخت بە چی ئەڕوێنین