هەرچی یەک ڕوو بێ و یەک زبان و پاک
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1297 بینین
هەرچی یەک ڕوو بێ و یەک زبان و پاک
وەک شمشێر خوێنی دەبێ بە خۆراک
دوو ڕوو و دوو زبان شانەی سەر سەرە
وەرە لەم قوڕە دەرکە ئەم کەرە
لەم زەمانەدا ڕاستیمان نەدی
خۆمان هەڵگرین بۆ دەورەی مەهدی
ئەوسا گورگ و مەڕ تێکڕا ئاو ئەخۆن
ئەمە ئەفسانەی کۆنەی من و تۆن!!
گورگ هەتا کەڵبەی نەشکێ مەڕ ئەخوا
پیاوی بێکارە ئەڵێ بەد بە خوا
خوا خزمەتکاری قاپی تۆ نییە
کوتەکی دایتێ دوعات بۆ چییە
خۆزگە پیاو خراپ وەک هەنگ بوایە
لەگەڵ پێوەدان گیانیان دەرچوایە
بەڵام لە شفرەی یەکانە ئەکەن
بە قامیش بڕین ددان تیژ ئەکەن
خۆم ئاگام لێیە ڕۆژێ کاک ئەحمەد
دوعای ژینی کرد بۆ پیاوێکی بەد
وتیان باجگرە بۆچی نەمرێ
فەرمووی با کەسی تر جێی ئەو نەگرێ
پیاوچاک مەمنوونی بەدی بەدکارە
چاک بە کردەوەی بەدا دیارە