لە تەئریخ پرسە کە ڕابوردووە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1098 بینین
لە تەئریخ پرسە کە ڕابوردووە
هەر دانە بەردێ جێی مەردێ بووە
تۆیش بگەیتە سەر ئەو دانە بەردە
شەخسی خۆت لە لا مەردی نەبەردە
بەڵام بە خوویێک ئەکەویە خوارێ
ئەبی بە پەندی گشت هەرزەکارێ
ئەتەوێ دڵت نەخەیتە لەرزە
مەچۆرە سەر ئەو دەندووکە بەرزە
لە تەک کەسێکا ئەوا دانیشتووی
بە چاو ئەیبینی و لە گەڵیا ئەدووی
کە دوور کەوتیەوە لە پێش چاوی ئەو
ئەو دیدەنییەت لا ئەبێ بە خەو
خۆ ئەگەر دووری بوو بە مانگ و ساڵ
وەک دیم و نەدیم ئەبێ بە خەیاڵ
ئەمە ئەحواڵی دونیاکەمانە
هەرچی کە بتبێ ئاخری نەمانە
کەچی پێی خەڕۆین ئەڵێن تا سەرە
جا وەرە لەگەڵ خەڵکا دەربەرە
چەند خۆشە ئینسان ئەمە بزانێ
هەر وەک سینەما لە دوور بڕوانێ
بە شیعر و بادە غەم بدا بە باد
بە دنیا بڵێ: بڕۆ بێ بنیاد
هەندێ کەس بە شیعر سەریان ئەئاوسێ
سیسرک بۆنی گوڵ بکا، ئەتاسێ
مر هات لاسایی قازی کردەوە
هێلکەی زلی کرد کەچی بووردەوە
ئێستا پاییزە و سەیران بوارە
ئەرخوان سوور بوو ئەڵێن بەهارە
قەومێ قەلەڕەش بکا بە پێشڕەو
ڕۆژی وەک باڵی قەل دەبێ بە شەو
من خۆم پەروەردەی دەهۆڵ و زۆڕنام
لە ئینجە سازی دنیا تەوەللام
بەڵام هیچ وەختێ لەگەڵ زەڕەی کەر
هەڵکردم نابێ بۆم ناچێتە سەر
ئێستا وا ڕێمان لێ بوو بە دوو ڕێ
یەکێ بۆ عاممە، ئەوی تر بۆ کێ