فەلەک بە پیاوی ترسنۆک فێرە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
2237 بینین
فەلەک بە پیاوی ترسنۆک فێرە
بە کەر ناوێرێ بە کورتان شێرە
ئەمجا تۆ دەبێ خۆت نەترسێنی
بە هیمەت چەرخی فەلەک بشکێنی
هەورە تریشقەت لە لا، وەک با بێ
بە بێ پەروایی شات لا گەدا بێ
بەڵام بەو شەرتە کردەوەت چاک بێ
دڵت لە فیتنەی جاسووس بێباک بێ
گۆیژە، مێزەری بەفری لەسەر نا
ناوشار ناخۆش بوو بە زوقم و سەرما
دار و خەڵووزمان فیئاتی سەرکەوت
قەی ناکا هاکا پشکۆمان بۆ کەوت
هەندێ بە زۆپا گەرم ئەبنەوە
هەندێ بە سۆپە گەرم ئەبنەوە
گاڵتەی «حەبەزبووز» دیسان کەوتە سەر
کەرامەتی شێخ چووە «زەیلی» کەر
خواجە نەسرەدین بۆ هەر سێ سوئال
تەنها کەرەکەی خۆی کرد بە میسال
کەری عوزێریش لە قورئانایە
بەعسەتی ئەویش زۆر بە مانایە
ئەڵێن ئەو کەرە تەنها زەڕیوە
نێرەمووک بووە و هیچ نەپەڕیوە
خۆ کەری عیساش نەتەوەی نییە
نازانم ئەوە حیکمەتی چییە؟!
ئێستا کەرێکی دەجاڵمان ماوە
هێشتا کورتانی بۆ نەدووراوە
تەرسی کەرەکەی دەجاڵ خورمایە
بۆ ئەو خورمایە خەڵکی لە دوایە
هەندێکمان هەیە کەوا خورمژەن
هەندێکیش کوشتەی خورمای کورد کوژەن
کەلەرمی کوێستان بە سێ شاییە
ئەم «لەهانە»یە ئانە باییە
پەندم بە پەند بوو، وەک پەندی پدەر
لەهانە زۆر بێ ئەیخەمە بەر کەر
تەلیسمی جامی چل کلیلەیە
گۆشت بۆ کەرە، کا بۆ پشیلەیە