خەیاڵێکی وا، هاتوە بە سەرما
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
2 خولەک
1103 بینین
خەیاڵێکی وا، هاتوە بە سەرما
لە عالەم پرسم بۆ گەرما و سەرما
بزانم ئاخۆ لەم دوانە کامیان
چاکەی زۆرترە بۆ نەوعی ئینسان
ئەیزانم فیکری دوو کەس یەک ناگرێ
وا چاکە بابی فەتوا داخرێ
ئەوی قەڵەوە دڵی پڕجۆشە
دیارە کە دەڵێ، هەر سەرما خۆشە
ئەوی کە لەڕە و بێهێز و تینە
ئەڵێ سەد شکور کە وا هاوینە
پاڵتۆی فەردەیی و قۆندەرەی پۆستاڵ
لە کۆڵمان کەوتن بووبووینە حەمماڵ
ئەتوانین لە دەشت بێ لێفە و سەرین
بە سەر ئازادی شەو بەسەر بەرین
بەڵام دووپشک و مار پەیدا بووە
قەیناکا پیشەی ساڵانی زووە
هاوین هیچ نەبێ بامیە و باینجان
لەگەڵ تەماتە زۆرە بو لێنان
هەندێکمان هەیە کە باینجانین
هەندێکی تریش غەریب سنجانین
هەمەدان جێگەی غەریب سنجان بوو
زۆر کەسی ئێمەی پێ ماڵوێران بوو
دەردی هەمەدان کەوتە دەرگەزێن
مونەووەران بوون بە مەلا بەزێن
کەس لەسەر حاڵی پێشوو نەماوە
سوێندی درۆمان بە شەرەف باوە
ڕەحمەت لەو کەسەی کە جنێو ئەدا
ئەڵێ: هەی ئەشراف لاچۆ تۆ خودا
لافاو سیروانی لێڵ کرد بە یەکجار
ماسی زل کوێر بوون کەوتنە کەنار
دەردەگایش زۆرە و کوللە لە ناوە
تەرزەیش کوتاینی هیچمان نەماوە
خوا بکا ئافەتی ئەشرافمان نەبێ
زموستان شەبێ، زێ پیران تەبێ
قەی ناکا مەعاش لە جێی خۆیەتی
گول بە دوو بەهار ڕەنگ و بۆیەتی
بە ئیعتیادی و بە فەوقولعادە
دوو بەهارین «دەی» ساقی سا بادە