ئەوەتی دنیا ئەڵێن دنیایە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1119 بینین
ئەوەتی دنیا ئەڵێن دنیایە
ئیعتیقاداتی غەریبی تیایە
گاهێ گوێرەکەی بەنی ئیسرائیل
بۆ قەومی موسا ئەبێتە دەلیل
گاهێ کەرەکەی عوزێر لە پێشە
گا لات و عوززا ئایین و کێشە
گا ئاتەشکەدەی زەردەشت ئەگڕێ
گاهێ ژۆپیتەر بە باڵ ئەفڕێ
ئەمانە هەموو ئەفسانەی کۆنە
لەم خەرافاتە ناپرسن چۆنە
تەنها ئایینی شوومی گورگی بۆز
خەریکە کلکی ئەکەوێتە تۆز
نازانن ئێرە بێشەی شێرانە
گورگ بۆز بێ، رەش بێ بۆ تێهەڵدانە
ئەفسانەی شەڕی ڕۆستەم و عەنتەر
دەوەن بە ئاشە وا کەوتەوە گەڕ
لە هەموو خاکی عێراقا باوە
کە ئەڵێن ڕۆستەم عەنتەری گاوە
ئەو هەتیوبازیە لەوەوە داهات
بۆیە لە ئێران بووە بە بنیات