لەوە بترسە لە خوا ناترسێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
2183 بینین
لەوە بترسە لە خوا ناترسێ
لە حەقی دۆست و ویجدان ناپرسێ
وا ڕێ ئەکەوێ بەد پەسەند ئەبێ
بەڵام دوایی کار تووشی بەند ئەبێ
کەسێ بە بەدکار ناوی نەزڕێ
ئاگری دز تەنها ساڵێ ئەگڕێ
بەدکار دوو نەوعە یەکێ نەزانە
مەڕوانە ئەوە، عەقڵ میوانە
نەوعێکی تریان سروشتی بەدە
ئەوەیان سزای بە داری حەدە
پیاوخراپ نەبێ چاک دەرناکەوێ
تا تاریک نەبێ کێ چرای ئەوێ
بەخشین هونەر و وەرگرتن نەنگە
چاوبرسێتییە سەرمایەی جەنگە
ئەوی لای خۆشە تۆ نانێ بخۆی
دڵی مەشکێنە و بیخۆ ئەگەر خۆی
ئەگەر دەزانی بە خواستن زویرە
داوای لێ مەکە ئەگەر وەزیرە
ئەگەر نان بدەی لە ماڵ ناترسی
لە هەموو ماڵێ دەخۆی ناپرسی
بەرماڵی دەرماڵ هەر دوو وەک یەکن
کە عالم نەبن کەڵوڕ و لەکن
لە تەنگانەدا خودا ئەناسی
کەوتیە فەرەحی دیسان بڵباسی
مار کە زۆری خوارد دەئاڵێتە دار
بەوە ئەزمەبێ و دەبێ ڕستگار
سۆفیش کە ماڵی حەرام زۆر ئەخوا
بە نوێژ و تەزبێح گوناهی ئەڕوا