کە لەگەڵ بەددا دانیشی و هەستی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1202 بینین
کە لەگەڵ بەددا دانیشی و هەستی
پشت بە خراپەی چاکان ئەبەستی
تۆ دەڵێی چی بکەم قسەیان خۆشە
نەتیجەی قسەی گاڵتەوگەپ بۆشە
پیاوێ زەرەری لە خەڵکی دابێ
دڵی ناسرەوێ هەتاکو مابێ
ناپیاویش هەبێ لە باتی چاکە
کردەوەی بەدە و هێشتا بێباکە
خووی بەد وەک میقرۆب حیسەی ئیرسییە
دەوران بەدخوایە و پیاوچاک برسییە
بەڵام ئاگری دز ساتێ ئەگڕێ
کە دەورەیان دا هێڵێکی دەبڕێ
ئەمە کای کۆنە کە بە بای دەکەین
تەسەللای هەندێ خەڵکی پێ ئەدەین
ئەگینا ئێستا دەوران دەورانە
بۆ چڵوچۆکەر ڕۆژی مەیدانە
یەکێ بە درۆ و یەکێ چاوەڕاو
یەکێ بە ئاغام، پاشام هاتە ناو
مادام دنیایە و ئەمانەی تیایە
پیاوی دنیایی لە برەودایە
ئەوی ناسرابێ بە عیلم و ئەخلاق
ئەبێ بچێتە جەزیرەی واق واق
ڕۆن و برنج و گۆشتمان گرانە
تەنها هەڵبەستی «ژورناڵ» هەرزانە