خوا ڕەوای بینی وا کلک هەڵگیرا
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
940 بینین
خوا ڕەوای بینی وا کلک هەڵگیرا
داپیرمان خنکاند لە بیری شیرا
مادام لەکەی کلک نەما لە ناوا
عەداڵەتێکی شەرعیمان ماوە
شەرع هەموو کارمان بۆ دەبڕێتەوە
«کە مانیع هەڵسا مەمنوع دێتەوە»
ئێستا هەرکەسێ بچێتەوە جێی خۆی
لجنەی ئینزبات حوکم بدا بۆی
مەلای مەزبوورە کە چوبوە ناو گۆڕ
گۆڕەوشاری دا میسلی ئێسری تۆڕ
پرسیان چۆنە ئەوە و دنیایە
وتی: ئاخ ئەوێش قەتارچی تیایە
بەخوا ئەگەر تۆ عال و سال ئەبی
لە هەر دوو دنیا بێ سوئال ئەبی
بەڵام دنبەی چەور بێ بەڵا نییە
شوێن چەتە کەوتن بۆ تاڵانییە
تەماتە ماسی بگری و تەڕ نەبی
قوماربازیش بی و ئاخر شەڕ نەبی
شترمرغ ئەڵێن وەرە هەڵفڕە
ئەڵێ: نابینی ملم وشترە!
ئەڵێن بار بەرە ئەڵێ: باڵدارم
تەنها بۆ خواردن ئازا و بەکارم