گەرم تر لە تین، کەنار و بۆسە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
962 بینین
گەرم تر لە تین، کەنار و بۆسە
ساردتر لە تەرزە دڵی مەئیووسە
زۆر دڵ مەدەرە مەسنەدی دنیا
تا سەر نەدراوە بە تۆ بە تەنیا
نەخوازەڵڵا وا بە مەنسووبی بێ
شەرتی ئیستیحقاق نامەحسووبی بێ
لەگەڵ قابینە پێویست بوو گۆڕرا
هەر وەک «ڕیدینکۆت» مەنسووب داکەنرا
ئەوسا هەناسەی سارد وەک ڕەشەبا
نامەی ئۆمێدت بە بادا ئەبا
خوا دایتێ ئەهلی عیلمت پێ بڵێن
بە چرای «گەرچەک» لەدووت ئەگەڕێن
ئەگەر کەم خۆری داییم خۆر ئەبی
«ئینتەلا» ناکەی خاوەن زۆر ئەبی
خۆ ئەگەر چاوت لە دمبەی چەور بێ
ڕۆژێ دێ سزات بە کلکە تەور بێ
بەهار هات دیسان دیجلە هەڵدەسێ
قەسری نزیک ئاو خەڵک لێی ئەترسێ
با وجود دیجلە زنجیر کراوە
ئەو هێز و گوڕەی بەرووی نەماوە
بەڵام تۆ نابێ لە ئاو ئەمین بی
تۆفان لە یادە، دەبێ تێبین بی
بەمانە ئەڵێن: واتەی بێهوودە
غەیرەز خواستی خوا هەموو بێسوودە
خوا بێ قەزای کا خوایش کردەی وایە
ئەوەی ئەو دەیکا بە عەقڵا نایە
تەلیسمی جامی چل کلیل دەرکەوت
کەر ئێسقان و سەگ کای کۆنەی بەرکەوت