ئەلفی مرادت فڕێدا، مەردی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1012 بینین
ئەلفی مرادت فڕێدا، مەردی
شوێن مراد کەوتی، بۆ درەم مردی
ڕۆژوو و نمازت کە بۆ نیاز بێ
وەک عاشقێکی کە پیشەی گاز بێ
نوێژی زۆر، پیشەی پیرێژنانە
ڕۆژوویش ئەسڵەکەی بۆ ڕەمەزانە
سیاحەتی حەج سەیری جیهانە
ئەوی بە کار بێ بەخشینی نانە
کابە بناغەی برایمی خەلیلە
دڵ نەزەرگاهی ڕەببی جەلیلە
دڵ دەشکێنێ و دەچێ بۆ کابە
مەچۆ، مەزالیم لەسەر خۆت لابە
من زیارەتی کابەم کرد بەڵام
زیارەتی دڵ پێشترە لە لام
لە دەشتی مینا قوربانی دەکەی
بۆ گورگ و چەقەڵ دیاری دەبەی
لێرەی سەربڕی و بیدەی بە برسی
دەبێت بە قەڵای ئایەتولکورسی
دەزانی کەوا دنیا فانییە
وای دەگری تا سەر زیندەگانییە
ئەگەر تۆ تا سەر هەر بژیایتایە
ئەشیا بۆ دوای تۆ جێگا نەمایە
وەک پێش تۆ جێگای خۆی داوە بە تۆ
تۆیش جێی خۆت بدە بە یەکێ و بڕۆ
ئەگەر پێداگری و بڵێی من ناڕۆم
تۆیش وەک یارۆکان دەهاونە بن گۆم
گا لە سەر پشتی ماسی دانرێ
تڕەکەڵەکێ دیارە سەر ناگرێ