شێرە بەفرینەیش وا توایەوە
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1018 بینین
شێرە بەفرینەیش وا توایەوە
بۆ ئۆتۆمبێل ڕێ کرایەوە
زۆر کەس بۆ بەفر چاویان ڕشتووە
زۆریش لە هیوا دەستیان ششتووە
کوێر تاکوو دەمرێ بە هیوای چاوە
لیستەی یا نسیب زۆری نەماوە
دیم بووکیان هێنا بۆ ماڵی زاوا
لە سەر مارەیی بردیانە دواوە
ساڵێک مەبعووسێ ڕەئیی بۆ درا
کەچی یەکێکی تر داخڵ کرا
نسیب و قسمەت عیلمی غەیبییە
ئەسوەد و ئەحمەر چابووک دەستییە
ئیمساڵ مەبعووسی ئێنجەی پەنهانە
عیلمی غەیب زانین لایق پەریانە
یەکێ شەمالەی بۆ ئەگرێتەوە
یەکێ دانوولە ئەبەشێتەوە
بە زیندەخەوی پڕ و پیرێژن
زۆر کەس بە سەیران بۆ بەغدا ئەچن
وتیان: تۆ بنوو، بیبینە بە خەو
وتی: لە تاوان خەوم نییە شەو
خوا لە مەجنوونی پرسی سەوداسەر
عیبادەتی چیت هێنایە مەحشەر؟
وتی: هێند عەشقی لەیلام لەلا بوو
لە کوێ هۆشم لای خوای تەعالا بوو
لە ئادەمەوە تا ئەم زەمانە
ڕێگای خێر و شەڕ بە دەست ژنانە
کۆنە دەماخان هەروا نادانن
هیچ قەدری جینسی لەتیف نازانن