چەند خۆشە ئینسان خەیاڵ پەروەر بێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1111 بینین
چەند خۆشە ئینسان خەیاڵ پەروەر بێ
بە خەیال بەرگی شاهی لەبەر بێ
هەرچی ئەیناسێ بیکا بە مەئموور
خزمانی شاد کا چ نزیک چ دوور
مادام خەیاڵە لە ڕەنج بەدەرە
خورمای بێناوک خۆ چەوەندەرە
ئەوی تۆ ئەمڕۆ ئەیبینی بە چاو
سبەینێ لە لات خەیاڵێکە خاو
وا بزانە کە تۆیش مەبعووسێ بووی پار
خاوەن کەش و فش ئۆتۆمبێل سوار
خۆ ئێستا هەموو لێک ڕاست بووینەوە
تەنها تۆ دەنووی بە پشتێنەوە!
فەرز کە ئەم جارەیش ئەچەسپێتەوە
بە هێلم پێوە ئەلکێتەوە!
نە مێوت هەیە بۆ کەس نە هەنگوین
مەگەر چزووی خۆت بکەی بە پەرژین
ئای جاران یاسین «صلی اللە» هووی بوو
ئێستا نایخوێنن مەگەر بۆ مردوو
هەرچی حیکمەتی ئەمە بزانێ
ئەبێ بە «ئاسف» بۆ سلێمانێ
تۆیش سلێمانیت های سلێمانی
یای نیسبەتت بوو بە یای نیسیانی