قەدری خۆت زیاد کە بە قەدرزانی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1114 بینین
قەدری خۆت زیاد کە بە قەدرزانی
خۆت نەبێ هیچ کەس بە سووک نەڕوانی
وەک گلێنەی چاو عالەم دەبینێ
تەنها وجودی خۆی لا نانوێنێ
هەرچەن دەور دەوری خۆهەڵکێشانە
خۆهەڵکێشان وەک سنگ هەڵکێشانە
لای هەندێ جنێو ئەدەبیاتە
هەندێ بە خەیار ئەڵێن: زەڵاتە
هەندێ کە پیاو کەوت پێی ئەڵێن کەرە
هاتەوە ڕووی کار ئەڵێن جەوهەرە
قەترەی حەیایان لەلا تکاوە
ڕووبەڕوو شەرمیان لەلا نەماوە
ئەگەر ئەمانە وا نەبوونایە
بە چاکی بۆمان ئەهاتنە کایە
تۆ لەو کەسانە هەمیشە دوور بە
لە کونجی خۆتا، هەڵکە و ڕووسوور بە
نەسیحەتێکیان کردووین زۆر چاکە
ئەڵێن خاکی بە، ئەسڵت لە خاکە
گەر بۆ کەڵکی خۆت گەورەییت بوێ
بڵێ: خانوویێک، ئەکەم بۆ شەوێ
گەورە ئەوەتە کە چاکەی عام بێ
نەک دەوروپشتی خۆی لێ بە کام بێ