بووکە بارانێ کەوتە کۆڵانان
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1113 بینین
بووکە بارانێ کەوتە کۆڵانان
خۆی کردووە بە بووک تنۆکی باران
دەغڵ و دان ملکەچ، عەللاف بەدەماخ
هەژار وشکەڕۆ، دەوڵەمەند چالاخ
سەیرانگا جێگای نوێژی بارانە
جۆشی گریان و فرمێسک بارانە
خەتیب فەرموویە کە دین نەماوە
غەزەبی خوامان وا لێ گیراوە
هەڵپەڕکێ و سەیران کە کەوتە شارێ
لە باتی ڕەحمەت غەزەب دەبارێ
سەیرانکەر منم و واعیزیش ئەوە
لێک ناکرێتەوە ئەم ڕۆژ و شەوە
بۆچ تەنها ئێمە بێ باران ماوین
کە وا فەرمانی کفریان داوین
یا ڕزقی ئوممەت هەر بە بارانە
کە وابێ تەنها باران خوامانە
کەس ئەو بێ، کەسە کە لە بێکەسە
نەهری هەڵقوڵاند بۆ ئێمە بەسە
ئەگەر خوا ڕزقی بە نوێژ بدایە
ئەشیا غەیرەدین نانی نەبوایە
نە ڕزق بە دینە و نە ماڵ بە زانست
ئارەزووی خوایە و ڕۆژی ڕۆی «ئەلەست»
زۆر کەس مەعاشی زۆری دێتە ڕێ
هاتە وەرگرتن ڕێی لێ دەگۆڕێ
لای چاوی ساغی بۆی ئەژمێرن
دز بۆ لای چاوی کوێری ئەنێرن
کەوەکە وتی بە بازی ئەحمەق
نەینێیتە تەبەق مەیێژە سەدەق