ئەگەر دێکانی خاوەن بەخت نەبێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  971 بینین
ئەگەر دێکانی خاوەن بەخت نەبێ
شاخی ئەزمڕی وا بۆ تەخت ئەبێ
کە عەداڵەت بوو «قەوییان» زەعیفە
زۆر کەم بوو باوی جینسی لەتیفە
هێشتا تێناگەین لە چاکی ژنان!
زەعیم خۆی خستە کراسی ئەوان
بە هاوار وتم ئاخ، هەور! ئامان
مەیکەرە تاڤگەی زەڵمی هەورامان
تەختی هەورامان بەختی هەڵپێکا
کۆی ئاتەشگایان بوو بە ئاتەشگا
گەردەشی دەوران ئەم دیوە و دیوە
ئەم خاکە زۆر جار ئەم حاڵەی دیوە
من ئەمکوت «زەڵم» ماسی لێ بڕا
کەچی هێند زۆر بوو گونیەکەی دڕا
ئۆتۆمبێل چوو، بۆ قەڵادزە
دەچمە سندۆڵان بۆ ڕاوە بزە
مەنسووری هەللاج بە چەکە و کەوان
ئۆتۆمبێلی بردە سەر کێوان
پێشینان دەڵێن خوا، هەر ئەو خوایە
ئێستاکە بزن وا سواری گایە!
بەرازکوژ دووسەد فلس وەرئەگرێ
بۆ بەرازی شار بۆچ نرخ نابڕێ
لۆقەنتەچیمان خڕە لامبۆزە
بێ «بسم اللە»یە، چێشتی پڕ تۆزە