بە هێستریان گوت باوکی تۆ کێیە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  840 بینین
بە هێستریان گوت باوکی تۆ کێیە
وتی ڕەسەنی دایکمم پێیە
چوونکە دووڕەگە و تۆوی حەرامە
هێشتا جاشکی خۆی نەدی، ناکامە
تانجی لە ڕاودا هونەر دەنوێنێ
نەتەوەی سەگە و گورگ ئەخنکێنێ
عابید مشکی کرد بە کچی سەرپشک
ئاخری نەوەستا بوەوە بە مشک
ئەڵێن: گیا لە سەر بنجی خۆی ئەڕوێ
بەڵام بێستانیش بژاری ئەوێ
بێستانەکەمان پڕ لە بژارە
بۆیە ماڵیات مافەتەدارە
بەرازی ناوشار شەرحێ نەبوو بۆی
هەرچی دەبینێ ئەیباتە سەرخۆی
کڕکڕەی ڕادیۆ بواری نایە
بەش بەحاڵی خۆم بلوێر بۆ گایە
ڕەحمەت لەو کەسەی ئەسپێ ئەکوژێ
لەباخەڵتایە و خۆێنت ئەمژێ
دەربارەی ناکەس پیاوەتی مەکە
بیبەیتە کەعبە دیسان «لەک»، لەکە
هەندێکیش دەڵێن کە ئێمە نەبین
ئەهلی مەملەکەت ئەکەونە شین
نازانن خۆیان شەینییش و شینن
تەنها قازانجی خۆیان ئەبینن
ئەگەر خوا دەکا خوێندن دێتە کار
ئەوسا تەجرەبە دەگاتە بوار