ئەو سەرکردەیەی بە ڕاست ئینسانە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1190 بینین
ئەو سەرکردەیەی بە ڕاست ئینسانە
بەند و زنجیر لای ڕوتبە و نیشانە
بەڵام نەک قەومی تووش کا و خۆی ڕا کا
وا بێ ئیتر کەس بڕوای پێ ناکا!
ئاخ ئەمە ڕەنجی داوین بە بادا
لەشکری نادان پشتمان بەر نادا
تا عاقڵ کاری لێک ئەداتەوە
جەسوور گرەوی خۆی ئەباتەوە
تەماع وەک ئاوی شۆری دەریایە
هەر ئەیخۆیتەوە و تەسەللات نایە
ئەوەی قانیعە بە وشک و بە تەڕ
ناوی نراوە شاهی بەحر و بەڕ
هەرچی ڕاست ئەڕوا لە تەوەککولدا
خەم و خەفەتی نابێ لە دڵدا
خوا ڕێ لە بەندەی بەدکار بگۆڕێ
نایێتە سەر ڕێ تا لێوی گۆڕێ
هیوامان وایە دەستەی خوێندەوار
بۆمان پێ بگەن بکەونە ڕووی کار
باوجود ئەگەر مەکتەبمان وا بێ
خەرمانی هیوا ئەبێ هەر کا بێ