پەپووی سڵێمان مزگێنی هانی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1129 بینین
پەپووی سڵێمان مزگێنی هانی
کە وا ئاسەف دێ بۆ سلێمانی
لە هەموو لاوە خەڵک کۆ بوونەوە
بۆ مەراسیمی بەپیرچوونەوە
دار لە باز جارێ کامی دێتەدی
خوا ڕەوای بینێ شابازیشمان دی
ئەم جارە قەدری ئەم شارەم زانی
هێندە میوانی عەزیزی هانی
ئەم میوانانە دیارییان دیار بێ
ئەشێ ئەم شارە تالعی یار بێ
بەڵام کە خۆمان داری بێ بەر بین
کەوا کۆلەکەی تاقی زەفەر بین
ئەڵێن دەشتی ڕەی جێی حەوت لەشکر بوو
تەختی سلێمان بە شەڕەفتر بوو
ئەوێ جێی شەڕ بوو ئێرە جێی دەعوەت
ئەوێ جێی زەحمەت ئێرە جێی ڕەحمەت
سا چی بکەم بەختی من شۆرەزارە
بارانیشی بێ هەر خەس و خارە
وەزیری بەغدا یارەی پەسەند کرد
هات کانی دڕکەی سکانی هەڵگرد
ئێمەیش هەر کەسێ بەخت ڕێکەوێ بۆی
ئەبێتە دزی گا و گوێرەکەی خۆی
هیچ کەسێ نەفعی عوموومی ناوێ
بۆیە دەخنکێین بۆ کاسە ئاوێ
هەرچیش دەبینی دەڵێ: زەعیمم
لەم ناوە ناوە هەر من هەتیمم