پیاوی ناوەجاخ مەخەنە سەر کار
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1335 بینین
پیاوی ناوەجاخ مەخەنە سەر کار
هاوڕێکانیشی دەکا بە بێ عار
ئەوەی تێکۆشێ و ئیش بکا بێدەنگ
«دەماوەرێک» دێ و دەیکا بە پارسەنگ
ئەگەر پێم بڵێیت ئامشۆی کێ دەکەی؟
ئەڵێم یا خراپ یا بەجێ دەکەی
هەر چشتێ زۆر بێ هەرزان بیکڕە
عیلم تا زۆر بێ بەهای زۆرترە
ئەدەب تاجێکە لە نووری یەزدان
بیکەرە سەر و بچۆرە ئاسمان
بێ ئەدەب ئاوی ئەدەبخانەی دێ
بەردی تێگرێ پڕیشکت بۆ دێ
«بە خۆوە نەدیو» دەم قاڵی دەوێ
لە سەرخۆش گەڕێ ئەو خۆی دەکەوێ
بۆ خۆهەڵکێشان زەعیم بوزورگن
هەندێکی تر هەن سپڵی لاورگن
شەوچەرە لەبەر «سپڵە» دامەنێ
کە خواردی و ڕۆیی پێت پێدەکەنێ
بەڵام تۆ بیدە بام پێ نەزانن
لێیان ببوورە قوڕی زستانن
ئاخۆ گەردشی کورسی چی لێهات؟
هیوا بۆ قابسز ترس بۆ دەسەڵات
بێ «دۆ» بە هیوای شیری مەڕ ئەژی
کاتێکی زانی بەرخ مەڕی مژی
«بابی بابی»یە کایەی زەمانە
ئەم چەرخە کۆنە دەوران دەورانە
پەندی پێشینان هەر چەند پەسەندە
پەندی ئەم پەندە جائیزەی بەندە