ئەگەر سەعاتت زۆر دەستی لێدەی
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
1079 بینین
ئەگەر سەعاتت زۆر دەستی لێدەی
ئاخری تێک ئەچێ ئەبێ فڕێی دەی
بە سەر دۆستا بێی بە دیارییەوە
لەوە چاکترە کین بشاریەوە
کە ئیشێکت کرد زانیت خەتایە
بگەڕێیتەوە بوزورگی تیایە
ئەگەر لێبووردی بێ پەشیمانی
ئەنجا لەزەتی عەفو دەزانی
ئەگەر بێی بە قین تۆڵە بستێنی
خەوی ڕەحەتی لای خۆت نابینی
ئەوە، جنێوت پێ دەگەیەنێ
کەوا جنێوت پێ دەگەیەنێ
کە دوو کەس ئاشت بن بە تۆ چاکترە
هەر ڕۆژەی سفرەی لایە حازرە
کە سەری هەودای ویجدانت بەردا
ئەم دیو ئەو دیوت زۆر دێ بە سەردا
ئەڵێن: پیرێژن بە تەفرە و مەکرە
کەچی جوانەکان کەوتوونە دەورە
بورجی پیرێژن هێشتا ماویە
جوانەژن پێشین بەندوباویە
ئەیشزانن جێی کەس بەوان نادرێ
دیسان هەوڵ ئەدەن خەڵک نانی ببڕێ
ئەوی بە ناحەق نانی خەڵک ئەبڕێ
نەنگەویستی و ترس بۆ خۆی ئەکڕێ
بەڵام هەندێ کەس نائەهل و بەدخوون
خۆیان چاوەڕێی دەرکردنی زوون