ساف دەروون، داری دەستی بەدکارە

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1162 بینین
ساف دەروون، داری دەستی بەدکارە
بۆیە شەڕەدار زۆرە لەم شارە
ئەو قەومەی پیشەی دەوەن بە ئاشە
سێبەری ڕوەو ڕۆژە لە پاشە
ئەو پیاوە گەورەی کە خۆش باوەڕە
بەدەست خەڵکەوە مێکوتی ساوەرە
زینهار خواردەستت بە کەم مەبینە
بۆیە بە کینە، لێت نائەمینە
هی وامان هەیە دێتە لات خۆشێ
بە خۆت نازانی، تا دەتفرۆشێ
بە بەندیخانە پیاو عاقڵ دەبێ
هەندێ سەرچڵ و زۆرەمل دەبێ
هەندێ بە فریو گەیوەتە پایە
شەیتان لە بەرگی فریشتە دایە
کەسێ بوێرێ بیسمیللا بکا
وەرە سەیر کە چۆن ئابڕوویان تکا
سەلاحییەتی ساڵحانم نییە
بڵێم: ئەمە ڕەش، ئەمە سپییە
کە کەلیمەی «ڕەش» وەرگەڕێتەوە
دەبینی شەڕی لێ دەبێتەوە
جەژنی میلاد و ئێمە یەک کەوتن
ئێرە بۆیە یەک ناکەون، چەوتن
جاران «حاجیلە بە خێری» باو بوو
لە بەختی ئێمە گوێزی بێ ناو بوو