جاران کاسەی دۆ کەوچکی تیا بوو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  916 بینین
جاران کاسەی دۆ کەوچکی تیا بوو
بە ڕیزە هەرکەس نۆرەی جیا بوو
ئێستا هەر کەسێ پیاڵەی خۆی پڕ کا
بەشی کەس نادا بشڵێی: وا خنکا
«ئەسکەمل» جاران کە سیرمەدار بوو
هەر چوار تەرەفی لێوە دیار بوو
ئێستا گەورەکان «قۆڵتۆغ»نشینن
ئەم لاو ئەولا و دوای خۆیان نابینن
خۆزگە ئەو عەقڵەی پێش چوونە سەرکار
لە سەردا ئەما و ئەتهێنایە کار
خۆزگە بەڵێن وەک ماست سپی دەبوو
بەسەر لێوەوە شوێنێکی دەبوو
ماست و ڕاست ئێستا بوونە مۆدەی کۆن
شەرم و تەریقی نەهێشتوە «پاردۆن»
بیستم ئاغاکەی دێی «سیامەنسوور»
ئەحواڵی منی کردووە بە دەستوور
وتوویە تاکو پیشەی درۆ بوو
موتەسەڕڕیف بوو هەم سەربەخۆ بوو
بووبوو بە عوزوی مەجلیسی عالی
زۆری نەمابوو ببێ بە والی
ئێستا کە تەرکی درۆی کردووە
چاوەڕێی کەوش و پاڵتۆی مردووە
ئەو ماڵوێرانە بۆچ وا ڕاست ئەڕوا
ئەم ڕاستگۆییە ئەوی خستە دوا