یەکێ تەعریفی قانوونی پرسی

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1331 بینین
یەکێ تەعریفی قانوونی پرسی
وتی: ئەیزانی ئەگەر نەترسی
وتم: من ئێستا لە دونیادا نیم
بە خواردەمەنی و زەماوەند ئەژیم
قانوون بۆ بەزم و بۆ زەماوەندە
گۆرانی لەسەر «قانوون» پەسندە
جاران ئەیانگووت «قانوون» ڕێبازە
بەو ئەندازەیە هەرگیز مەنازە
بۆ سلێمانیش قانوون نەبووە
قانوونی خوامان لا بەسەر چووە
هەندێ بە ئەحزاب خۆیان هەڵدەنێن
نوقتەی سەرەوەی لای ڕاست دائەنێن
ئێمە کە فێری شەڕە گەڕەکین
کە بووینە ئەحزاب کێ دەڵێ یەکین
هەندێ بە عیلم و خووی چاک ئەنازن
تا دەمرن حەسرەت بە نان و پیازن
وەکو ئاغاکەی دێی «سیامەنسوور»
مەدحێکی زۆریان کرد بە واتەی دوور
کە هاتە ئێرە منیش هەر وام دی
کەچی وەعدی دا زوو هێنایە دی
بەوە تێگەییم کە نابێ بە پیاو
چونکە بە درۆ «رجال» دێتە ناو