بە هیوای خەڵکی لووتی بەرزە بوو

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  2111 بینین
بە هیوای خەڵکی لووتی بەرزە بوو
لە باران ڕای کرد تووشی تەرزە بوو
وتی: چەفتاڵی وا مەڵڵا ڕمیا
وتی: مەیێژە، نمازت بڕیا
سێیەمین وتی: هەر خۆم خاسم کرد
نمازیان بڕیا دەنگم لێ نەکرد
جوولەکە ساڵێ هامان ئەکوژن
زۆردار هەر ڕۆژێ خوێنێ ئەمژن
بە جوانی سووتا دەنکە هەنارێ
بەخت ڕووی کردە دیگونە چارێ
سیاسەت بازیی دەردێکی وایە
بۆ دەوڵەمەندیش هەر بێ دەوایە
بۆیە گێرۆدەن هێندێ بەو داوە
کوێر هەتا ئەمرێ بە هیوای چاوە
هیچ شارێ خۆشیی ئەم شارەی نییە
بەڵام ڕەشەبا بوارەی نییە
چەندم پێخۆشە لە سای دەوەنێ
دانیشم و ژن، مەشکە بژەنێ
با سەد تەیارە و بۆمبا بە جوێ بێ
من تەنها شڵقەی مەشکەم لە گوێ بێ