دنیا سێبەرە دوای کەوی دەڕوا

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  1639 بینین
دنیا سێبەرە دوای کەوی دەڕوا
کە ڕووت وەرگێڕا ئەوت دێ لە دوا
تا گەورەتر بی خەفەتت زۆرە
کاتێکت خۆشە بکەویە نۆرە
گەورەیی ئێستا دەردیسەرییە
ئەچەوسێتەوە و لە خەو بەرییە
نایشڵێن بۆ ئێمە جستوجۆیەتی
ئەڵێن کردوکۆی هەر بۆ خۆیەتی
ئەوسا پشتێنی لێ دەکەیتەوە
کە خۆت لە بێکار جوێ بکەیتەوە
ئەم دنیا حیزە بەری زۆر دوورە
هەتا تۆ بڕۆی ئەو خواروژوورە
زۆر جار چاوی ڕەش کاڵ ئەبێتەوە
زۆر دان بە ترشی لاڵ ئەبێتەوە
تیکە قووت ئەدەن ناپرسن چییە؟
ئەم لوقمە چەورە بێ لەقمە نییە
کە لەسەر خواردن نەڵێی ناوی خوا
ئەڵێن: جنۆکە لە گەڵت ئەخوا
دەست لە ئینسانی دڵ شکست مەدەن
بڵێی بیسمیلا جوێنت پێ ئەدەن
ئەگەر پشت بەستی بە دۆستی دوێنێ
گەزی چی و جاوی چیت بۆ دەمێنێ؟
بەشی خواردنە مانگانەی چنۆک
حەوز پڕ ئەبێ بە تنۆک تنۆک