بێکار دەربارەی دەوڵەمەند ئەدوێ
لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
1 خولەک
2066 بینین
بێکار دەربارەی دەوڵەمەند ئەدوێ
پیاوی ناهومێد مل لە تیغ ئەسوێ
زۆر پیاو لەدەورەی پیاوێکی پیاوە
گوڵەبەڕۆژە ڕوو لە هەتاوە
زۆر نانبڕاوان بە هیوا دەژین
بەڵام دار و گۆشت ئاشنای یەک نین
ئەو کەسەی کە دڵ بریندار ئەکا
خۆی بە واهیمە دەغەزار ئەکا
کەر خۆڵەمێشی بۆیە خۆش ئەوێ
تێیدا دەگەوزێ و تێر وەردەکەوێ
بەدخوویی منداڵ لای باوک شەرمە
ژیشک بە بێچووی خۆی دەڵێ نەرمە
فەقێ بۆ ڕاتوو وا لە بەردەرگا
دەچمە «وەکاشە» کە بام لێ دەرکا
ئەو کەسەی دڵی لەگەڵ خەڵک پاکە
خۆی پێی دڵخۆشە و لە بەد بێ باکە
ڕۆژێ ڕووی ئەزەل ئەتدۆزێتەوە
بێ کەڵەشێریش ڕۆژ ئەبێتەوە
ئینجا دردەگا ڕووی کردە وڵات
ترێ گەنانە و چاوئێشە داهات
بەڵێ بەرسیلە ئەبێ بە حەڵوا
بەڵام عومریشت بە تاڵی ئەڕوا
تا نەبارێنێ باغ گەشکە ناکا
تا نەگارێنێ، مر، هێلکە ناکا
کەمی نەبینی دەوڵەتت بۆشە
بەفراو لە چلەی هاوینا خۆشە
ئەوی دەوڵەتی هەر بۆ خۆی ئەوێ
خەوی بێ خەفەت نابینێ شەوێ
باڵەشۆڕێمان تێکەوت بە جارێ
بۆیە مێش زۆرە گەزۆ دەبارێ