من سیاڕۆژی دوو زوڵفی هەر وەکوو زونناری تۆم
لە کتێبی:
دیوانی ئەحمەد موختار جاف
بەرهەمی:
ئەحمەد موختار جاف (1896-1935)
1 خولەک
906 بینین
من سیاڕۆژی دوو زوڵفی هەر وەکوو زونناری تۆم
قوڕبەسەر دڵ پڕ لە خوێنی لێوی وەک گوڵناری تۆم
گەر وجوودم خەستەیە یا زەردە ڕەنگم چاوەکەم
من گرفتاری فسوونی چاوەکەی بیماری تۆم
گەر بە قەهرۆ تۆ دەرم کەی سەد کەڕەت لەم قاپییە
دەست لە تۆ هەڵناگرم هەر عەبد و خزمەتکاری تۆم
نایەڵێ لەو گەنجی حوسنی دڵبەرە بەهرەم ببێ
دایمەن مەشغووڵی دەفعی زوڵفی وەک ڕەشماری تۆم
من بە ئوممێدی ویسالی تۆ لە ڕێگەی دوورەوە
هاتووم لوتفت ببێ، قوربان غەریبی شاری تۆم